Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.
58 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
2 بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.
3 بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
4 ژەهریان وەک ژەهری مارە،
وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
5 کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.
6 ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
7 با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
8 وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.
9 پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
11 ئینجا خەڵکی دەڵێن:
«بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»
15 شوانتان بۆ دادەنێم بە دڵی خۆم بێت، بە زانین و وریاییەوە بتانلەوەڕێنن.» 16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا، کە لە خاکەکە زۆر دەبن و بەروبوومتان دەبێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی پەیمانی یەزدان.“ بە مێشکیاندا نایەت و بەبیریان نایەتەوە، بەسەری ناکەنەوە و جارێکی دیکە دروستناکرێتەوە. 17 لەو کاتەدا بە ئۆرشەلیم دەڵێن، ”تەختی یەزدان“ و هەموو نەتەوەکان لە ئۆرشەلیم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە ناوی یەزدان بگرن. ئیتر بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەیان ناکەون. 18 لەو ڕۆژانەدا بنەماڵەی یەهودا لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل دەڕۆن، بەیەکەوە لە خاکی باکوورەوە دێن بۆ ئەو خاکەی کە کردمە میرات بۆ باوباپیرانتان.»
19 «بەڵام من، یەزدانم، دەفەرمووم:
«”چەند دەمەوێ وەک کوڕانی خۆمتان دابنێم و
زەوییەکی ئارەزووبەخشتان بدەمێ،
جوانترین میراتی نەتەوەکان!“
وامدەزانی ئێوە بە ”باوکە“ بانگم دەکەن و
لە شوێنکەوتنی من لانادەن.
20 بەڵام وەک چۆن ژن ناپاکی لە هاوسەری خۆی دەکات،
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئاوا ناپاکیتان لێکردم،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 دەنگێک لە گردۆڵکەکانەوە دەبیسترێت،
گریان و پاڕانەوەکانی نەوەی ئیسرائیلە،
چونکە ڕێگاکانی خۆیان خوارکردووە و
یەزدانی پەروەردگاریان لەبیر کردووە.
22 «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە،
هەڵگەڕانەوەکانتان چاک دەکەمەوە.»
«بەڵێ، دەگەڕێنەوە لات،
چونکە تۆ یەزدانیت، خودای ئێمەیت.
23 بێگومان بتپەرستی بە غەڵبەغەڵبەوە لەسەر چیا و گردەکان خۆهەڵخەڵەتاندنە،
بێگومان بە یەزدانی پەروەردگارمان ئیسرائیل ڕزگار دەبێت.
24 لە هەرزەکاریمانەوە بەعلی خوداوەندی شەرمەزاری
ڕەنجی باوباپیرانی ئێمەی خواردووە،
لە مەڕ و مانگا و
کوڕ و کچ.
25 با لەناو شورەیی خۆمان ڕابکشێین،
با شەرمەزاریمان دامانبپۆشێت،
چونکە ئێمە و باوباپیرانمان گوناهمان کرد
لە دژی یەزدانی پەروەردگارمان،
لە هەرزەکاریمانەوە هەتا ئەمڕۆش،
گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین.»
نموونەی میواندارییەک
15 یەکێک لە میوانەکان ئەمەی بیست، گوتی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە شانشینی خودا نان دەخوات.»
16 عیسا وەڵامی دایەوە: «کابرایەک شێوێکی گەورەی ئامادە کرد و خەڵکێکی زۆری بانگهێشت کرد. 17 لە کاتی نانخواردندا کۆیلەیەکی خۆی نارد تاکو بە بانگهێشتکراوان بڵێت: ”فەرموون، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە.“
18 «بەڵام هەموو وەک یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: ”کێڵگەیەکم کڕیوە و پێویستە بڕۆم بیبینم، تکایە لێم ببورە.“
19 «یەکێکی دیکە گوتی: ”پێنج جووت گام کڕیوە و دەچم بزانم چۆنن، تکایە لێم ببورە.“
20 «یەکێکی دیکەشیان گوتی: ”ژنم هێناوە، لەبەر ئەوە ناتوانم بێم.“
21 «کۆیلەکەش هاتەوە و ئەمانەی بە گەورەکەی ڕاگەیاند. خاوەن ماڵ تووڕە بوو و بە کۆیلەکەی گوت: ”خێرا بڕۆ بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژار و پەککەوتە و کوێر و شەلەکان بهێنە ئێرە.“
22 «کۆیلەکە گوتی: ”گەورەم ئەوەی فەرمانت دا کرا، هێشتا شوێن ماوە.“
23 «گەورەکە بە کۆیلەکەی گوت: ”بڕۆ دەرەوە بۆ ڕێگا و ڕێچکەکان بە زۆر خەڵک بهێنە ژوورەوە، تاکو ماڵەکەم پڕبێت. 24 پێتان دەڵێم، لەوانەی بانگهێشت کرابوون کەس تامی شێوەکەم ناکات.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.