Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
18 ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،
دڵم دەردەدارە.
19 ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم
لە خاکێکی دوورەوە دێت:
«ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟
یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»
«بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،
بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»[a]
20 «دروێنە تێپەڕی،
هاوین تەواو بوو،
ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»[b]
21 لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،
خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.
22 ئایا لە گلعاد هەتووان[c] نییە؟
ئایا پزیشک لەوێ نییە؟
ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم
ساڕێژ نابێت؟
9 خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و
چاوەکانم جۆگەی فرمێسک،
جا شەو و ڕۆژ دەگریام
بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.
زەبوورێکی ئاساف.
79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
2 تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
3 لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
کەس نەبوو بیاننێژێت.
4 بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
5 ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
6 تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
7 چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
8 گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
9 ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
لە پێناوی ناوی خۆت.
نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک
2 بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، 2 بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. 3 ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، 4 ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، 5 چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، 6 ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش[a] لە کاتی گونجاو بوو. 7 بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
نموونەی سەرکاری ناپاک
16 هەروەها عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «کابرایەکی دەوڵەمەند سەرکارێکی هەبوو، سکاڵای بەفیڕۆدانی ماڵەکەی لەسەری پێگەیشت. 2 کابرای دەوڵەمەند بانگی کرد و لێی پرسی: ”ئەمە چییە لەسەر تۆ دەیبیستمەوە؟ برۆ حیسابی سەرکارییەکەت بکە و بیخە بەردەستم، چونکە ئیتر ناتوانیت سەرکار بیت.“
3 «سەرکارەکە بە خۆی گوت: ”چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرکارییەکەم لێ دەسەنێتەوە؟ ناتوانم زەوی بکێڵم و شەرمیش دەکەم سواڵ بکەم. 4 بەڵام دەزانم چی دەکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرکارییەکە دەرکرام، خەڵکی لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێ بکەن.“
5 «جا هەریەکە لە قەرزارەکانی گەورەکەی بانگکرد. بە یەکەمیانی گوت: ”چەند قەرزاری گەورەکەمیت؟“
6 «گوتی: ”سەد هیزە زەیتی زەیتوون.[a]“
«ئەویش پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و دانیشە، خێرا بنووسە پەنجا.“
7 «بەوی دیکەی گوت: ”تۆ چەندت لەسەرە؟“
«گوتی: ”سەد ڕبە گەنم.“
«پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و بنووسە هەشتا.“
8 «جا گەورەکە دەستخۆشی لە سەرکارە ناپاکەکەی کرد کە ژیرانە جوڵایەوە، چونکە خەڵکانی دنیایی لەگەڵ خەڵکانی وەک خۆیان لە هەڵسوکەوتەکانیاندا گەلی پیرۆز ژیرترن. 9 منیش پێتان دەڵێم: بە سامانی ئەم دنیایە[b] دۆستی خۆتان دروستبکەن، تاکو ئەگەر نەما، خودا لە ماڵی هەتاهەتایی پێشوازیتان لێ بکات.»
10 «ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم ناپاکە لە زۆریش ناپاکە. 11 ئەگەر لە سامانی ئەم دنیایە دەستپاک نەبن، کێ سامانی ڕاستەقینەی بە ئێوە دەسپێرێت؟ 12 ئەگەر لە شتی خەڵکی دەستپاک نەبن، کێ شتی خۆیتان دەداتێ؟
13 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.