Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 2

بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[a] و دەڵێن:
«با کۆتەکانیان بشکێنین و
    زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
    پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
    بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[b] داناوە،
    لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
    پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
    ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
    سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
    بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[c] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
    لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
    خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

یەرمیا 20

یەرمیا و پەشحوری کاهین

20 کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد، لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە. بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ[a]، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر. هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل. تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»

سکاڵانامەی یەرمیا

ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام،
    تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
    هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
چونکە هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
    جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
    گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
بەڵام ئەگەر گوتم: «باسی ناکەم،
    ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا بوو بە ئاگرێکی داگیرساو،
    پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزاربووم لە دامرکاندنەوەی و
    نەمتوانی بێدەنگ بم.
10 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
    «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
    خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
    چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
    ئینجا دەرەقەتی دێین و
    تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»

11 بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
    لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
    شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
    ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
    چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.

13 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
    ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
    لە دەستی بەدکاران.

14 نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
    با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
15 نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
    زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
    «کوڕێکت بوو!»
16 با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
    کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
    نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
17 چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
    جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
    سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
18 بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
    ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
    ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟

لۆقا 18:18-30

دەوڵەمەندی و ژیانی هەتاهەتایی

18 کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»

19 عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. 20 ڕاسپاردەکان دەزانیت: [داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.][a]»

21 ئەویش گوتی: «هەموو ئەمانەم لە منداڵییەوە پاراستووە.»

22 عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. چیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، لە ئاسماندا گەنجینەیەکت دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.»

23 کاتێک ئەمەی بیست، زۆر خەمناک بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. 24 کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چەند گرانە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خوداوە! 25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»

26 ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»

27 عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.»

28 پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.»

29 ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ یان ژن یان برا یان دایک و باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت، 30 لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.