Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
10 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
3 چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
لە حوکمەکانی خودا ناگات،
ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
9 وەک شێر خۆی مات دەکات،
خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.
27 «جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە. 28 لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە. 29 قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
دۆڵی کوشتن
30 «یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد. 31 هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەنهینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. 32 یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت. 33 تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە. 34 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
6 لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. 7 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. 8 بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا.
9 عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری باش یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی کەسێک یان لەناوبردنی؟»
10 چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە. 11 بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.