Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی دوو ڕووبار[a] و ئارامییەکانی چۆڤا[b]، هەروەها کاتێک یۆئاب[c] گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ[d] دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
60 ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند،
تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە!
2 تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد،
شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە.
3 کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا،
بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی.
4 بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد،
بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە.[e]
5 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
6 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[f] دەپێوم.
7 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[g] داری دەسەڵاتی منە،
8 مۆئاب[h] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
9 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل
13 کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو،
ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو،
بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
2 ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن،
لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن،
بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان،
هەمووی دەستکردی وەستایە.
دەربارەیان دەڵێن:
«ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی،
بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
3 لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات،
وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە،
وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە[a].
4 «بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم،
ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت.
جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت،
جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
5 من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد،
لە زەوی تینووێتی.
6 کاتێک لە لەوەڕ تێربوون،
کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو،
لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
7 جا وەک شێر دەبم بۆیان،
وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
8 وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و
پەردەی دڵیان دەدڕێنم.
وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم،
ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.
9 «ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت،
چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
10 ئێستا کوا پاشاکەت؟
تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات،
کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت:
”پاشا و میرم بدەرێ“؟
11 لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و
لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
12 تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون،
گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
13 ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت،
بەڵام منداڵێکی نەفامە،
چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و
لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.
14 «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم،
لە مردن دەیانکڕمەوە.
ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟
ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟
«میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
15 هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو.
بایەکی ڕۆژهەڵات دێت،
بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات،
ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و
سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت.
گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی
تاڵان دەکرێت.
16 خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن،
چونکە لە خودای خۆی یاخی بوون،
بە شمشێر دەکوژرێن و
منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن،
سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»
هاندان بۆ نوێژکردن
2 پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن. 3 بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنی مەسیح ڕابگەیەنین، لەبەر ئەمەش گیراوم، 4 تاکو ئاشکرای بکەم وەک پێویستە بدوێم. 5 بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە. 6 قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.