Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
10 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
3 چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
لە حوکمەکانی خودا ناگات،
ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
9 وەک شێر خۆی مات دەکات،
خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.
16 «تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم. 17 ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟ 18 منداڵ دەچنە داران، باوک ئاگر دەکەنەوە، ژن هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی[a] ئاسمان بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن. 19 بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
21 «”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن، 22 چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن، 23 بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘ 24 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن. 25 لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون. 26 بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
نامەیەک بۆ کڵێسای فیلادەلفیا
7 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادەلفیا بنووسە:
ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داودی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە، دەفەرموێ: 8 «ئاگام لە کردارەکانتە. ئەوەتا دەرگایەکی کراوەم لەبەردەمت داناوە و کەس ناتوانێت دایبخات. دەزانم هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام وشەی من دەپارێزیت، نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد. 9 ئەوەتا ئاوا لەوانەی کەنیشتی شەیتان دەکەم، ئەوانەی دەڵێن جولەکەین و جولەکەش نین، بەڵکو درۆ دەکەن، وایان لێ دەکەم بێن و لەبەردەم پێیەکانتدا کڕنۆش ببەن و بزانن تۆم خۆشویستووە. 10 لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ڕاسپاردەکەم دانت بەخۆتداگرت، منیش لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی جیهان تاقی بکرێنەوە.
11 «زوو دێم. دەست بگرە بەوەی هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت. 12 ئەوەی سەربکەوێت دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم. 13 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.