Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]. بۆ ئاساف.
81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.
11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»
شکاندنی پەیمانەکە
11 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن. 3 پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت، 4 کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە، 5 بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.»
منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»
6 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن، 7 چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘ 8 نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»
9 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 10 گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم. 11 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم. 12 شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن. 13 ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“
14 «تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.
15 «ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت،
پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە،
ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟
کاتێک خراپە دەکەیت،
ئینجا دڵخۆش دەبیت.»
16 یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز
لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان،
بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە
ئاگری لەسەر کردەوە
جا لقەکانی دەشکێنرێن.
17 یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.
بەرگەگرتنی ئازار لە پێناوی ڕاستی
8 لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و خۆشەویستی برایانەتان هەبێ، میهرەبان و ڕۆحسووک بن. 9 خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت، 10 چونکە
[ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و
ڕۆژگاری خۆش ببینێت،
با زمانی لە خراپە بپارێزێت و
لێوەکانی لە فێڵبازی.
11 با لە خراپە لابدات و چاکە بکات،
با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،
12 چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.][a]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.