Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی دوو ڕووبار[a] و ئارامییەکانی چۆڤا[b]، هەروەها کاتێک یۆئاب[c] گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ[d] دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
60 ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند،
تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە!
2 تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد،
شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە.
3 کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا،
بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی.
4 بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد،
بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە.[e]
5 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
6 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[f] دەپێوم.
7 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[g] داری دەسەڵاتی منە،
8 مۆئاب[h] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
9 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت
14 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
2 ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.[a]
3 ئاشور ڕزگارمان ناکات.
سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
”خوداوەندەکانمان،“
چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
4 «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
5 بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
6 چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
7 نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
8 ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
9 کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.
خودا خەممان دەخوات
22 بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیان و جەستەتان مەخۆن، چی دەخۆن یان چی دەپۆشن. 23 ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە پۆشاک. 24 سەیری قەلەڕەش بکەن: نە تۆو دەکات و نە دروێنە دەکات، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن! 25 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ 26 جا کە ئێوە بۆ شتێکی بچووک تواناتان نییە، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟
27 «سەیری گوڵاڵە بکەن چۆن گەشە دەکات، نە ماندوو دەبێت و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 28 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە دەپۆشێت؟ 29 جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. 30 هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. 31 بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.