Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 44

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.

44 خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،
    باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین
تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،
    لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و
    باوباپیرانی ئێمەت چاند،
گەلانت وردوخاش کرد و
    گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت،
    بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
    هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.

تۆ پاشا و خودای منی،
    تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،
    بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،
    شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،
    تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. [a]

بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،
    لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،
    ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،
    لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،
    قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.

13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،
    بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،
    خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،
    شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،
    لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.

17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،
    لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،
    پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،
    پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،
    بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.

20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،
    یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،
    چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
    وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟
    هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟
    بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟

25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،
    سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
26 ڕاپەڕە! بگە فریامان!
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.

هۆشەع 6:11-7:16

11 «تۆش ئەی یەهودا،
    ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە.

«هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە[a]،
کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد،
تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون،
    هەروەها خراپەی سامیرە.
فێڵیان کرد،
    دز چووە ژوورەوە و
    جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،
بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە
    کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە.
ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات،
    لە بەرچاومدان.

«بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و
    بە درۆکانیشیان میر.
هەموو داوێنپیسن
    وەک تەنوورێکی گەرمکراون
کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات،
    لە کاتی هەویر شێلانەوە تاوەکو کاتی هەڵهاتنی.
لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا،
    میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت،
    پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.
چونکە دڵیان وەک ناخی تەنوورە،
    بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە.
قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و
    بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.
هەموویان وەک تەنوور گەرمن،
    دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن،
هەموو پاشاکانیان دەکەون،
    کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.

«ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت.
    ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.
بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و
    ئەویش پێی نازانێت.
قژی ماشوبرنج بووە و
    ئەویش پێی نازانێت.
10 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات،
    لەگەڵ هەموو ئەوەشدا
ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و
    بەدوایدا ناگەڕێن.

11 «ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە،
    گێل و بێ مێشک،
بانگی میسر دەکەن و
    بۆ لای ئاشور دەچن.
12 کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم،
    وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم.
کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم
    بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.
13 قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن!
    ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون!
من دەیانکڕمەوە،
    بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.
14 کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن
    لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن.
بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە،
    لە من هەڵدەگەڕێنەوە.
15 من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد،
    بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.
16 دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز،
    وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت.
لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن.
    لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.

مەتا 5:43-48

خۆشویستنی دوژمنان

43 «بیستووتانە گوتراوە: [نزیکەکەت خۆشبوێت،][a] ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“ 44 بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە، 45 تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت. 46 ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێکتان هەیە؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ 47 ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟ 48 بۆیە ئێوە تەواو بن، وەک باوکی ئاسمانیتان تەواوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.