Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 44

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.

44 خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،
    باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین
تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،
    لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و
    باوباپیرانی ئێمەت چاند،
گەلانت وردوخاش کرد و
    گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت،
    بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
    هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.

تۆ پاشا و خودای منی،
    تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،
    بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،
    شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،
    تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. [a]

بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،
    لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،
    ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،
    لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،
    قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.

13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،
    بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،
    خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،
    شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،
    لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.

17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،
    لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،
    پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،
    پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،
    بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.

20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،
    یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،
    چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
    وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟
    هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟
    بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟

25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،
    سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
26 ڕاپەڕە! بگە فریامان!
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.

هۆشەع 2:14-3:5

14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
    دەیبەمە چۆڵەوانی و
    بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
    دۆڵی عاخۆر[a] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
    وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»

16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
    پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
    چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
    ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
    لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
    خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
    لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
    وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
    بە ڕاستودروستی و دادوەری،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
    دان بە یەزداندا دەنێیت.

21 «یەزدان دەفەرموێت:
    لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
    ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
    شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
    ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل[b] دەبێت.
23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
    بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
    ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»

ئاشتبوونەوەی هۆشەع لەگەڵ ژنەکەی

یەزدان پێی فەرمووم: «دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان[c] خۆشدەوێت.»

منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ[d] جۆ کڕیمەوە، پێم گوت: «ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت، بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت، هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»

ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر، بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان[e]، بەبێ ئێفۆد و تەرافیم[f] دەمێننەوە. پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.

کۆلۆسی 2:16-3:1

16 بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات. 17 ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە. 18 مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە. 19 ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.

20 ئەگەر سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن: 21 «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟ 22 ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون. 23 بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو[a] و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.

باوەڕدار و مەسیح

لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.