Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 52

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[a] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.

52 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
    ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
    بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
    وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
    خەریکی فێڵبازییە.
زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
    لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.[b]
حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
    ئەی زمانی فێڵباز!

بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
    دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
    ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
    پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
    بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو،
    لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!»

بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
    هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
    ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.

ئامۆس 6

قوڕبەسەر لەخۆڕازییەکان

ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن،
    ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین،
ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان
    کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن،
    لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و
    پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن.
ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟
    یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و
    تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و
    لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون.
ئێوە بەرخی ناو ڕان و
    جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە
    وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و
    بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن،
    بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و
    چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.

قێزی یەزدان لە شانازی ئیسرائیل

یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:

«من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و
    ڕقم لە قەڵاکانییەتی،
    ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»

وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. 10 ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک تاوەکو بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»

11 چونکە یەزدان فەرمان دەدات،
    لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات،
    ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.

12 ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟
    یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟
بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و
    بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
13 ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن،
    دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»

14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:
    «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە،
لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا
    تەنگتان پێهەڵچنن.»

لۆقا 8:4-10

کاتێک خەڵکێکی ئێجگار زۆر لە هەموو شارەکانەوە هاتن بۆ لای عیسا و کۆبوونەوە، بە نموونە قسەی بۆ کردن: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو. هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.» ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی بیستنی هەیە، با ببیستێت!»

ڕوونکردنەوەی نموونەی جوتیارەکە

قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟ 10 ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی

«[سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و
    گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.][a]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.