Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
7 ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. 8 یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «شاووڵ.»
ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
9 «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
ئامۆس و ئەمەسیا
10 جا ئەمەسیای کاهینی بێتئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت.» 11 چونکە ئامۆس وای گوتووە:
«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 13 بەڵام چیتر لە بێتئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:
«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»
زەبوورێکی ئاساف.
82 خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
لەنێو خوداوەندەکان[a] دادوەری دەکات.
2 «هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
لایەنگری بەدکاران دەکەن؟ [b]
3 بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
4 فریای لاواز و نەداران بکەون،
لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
5 «نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
6 «من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
7 بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
8 خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.
1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،
2 بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن:
با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت.
سوپاس و نوێژکردن
3 کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، 4 چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە. 5 ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان، 6 کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان[b]، ئەم بەرهەمدارە و لەنێواتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان. 7 وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و 8 باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا.
9 لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەی بیستمان بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین و داواکارین، تاکو پڕبن لە زانینی خواستی ئەو، بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنی ڕۆحی، 10 تاکو بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن. 11 با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە 12 سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەش بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. 13 خودای باوک لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، 14 بەهۆی ئەویشەوە کڕدراینەوە[c]، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.
نموونەی سامیرەییە چاکەکە
25 تەوراتناسێک هەستا تاکو تاقی بکاتەوە، گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
26 ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»
27 وەڵامی دایەوە: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،][a] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][b]»
28 عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»
29 بەڵام ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»
30 عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا[c] دەچوو، کەوتە دەست جەردە، برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. 31 وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. 32 هەروەها کابرایەکی لێڤیش[d] بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. 33 بەڵام سامیرەییەکی[e] ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، 34 لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. 35 ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“
36 «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»
37 تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»
عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.