Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پاشایان 5:1-14

چاککردنەوەی نەعمان لە نەخۆشی گولی

نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو، لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی. ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو، بەڵام گەڕوگول[a] بوو.

چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە، خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد. کچە بە خانمەکەی گوت: «خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی! چونکە ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.»

نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند. پاشای ئارامیش گوتی: «کەواتە بڕۆ، منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.» ئینجا نەعمان ڕۆیشت، لەگەڵ دەستی دە تالنت[b] زیو و شەش هەزار شاقل[c] زێڕ و دە قات جلی برد. نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا، تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات، لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.»

هەر کە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟ بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم هەتا لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟ بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!»

کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە، ناردی بۆ لای پاشا و گوتی: «بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟ با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.» ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا. 10 ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی: «بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ، گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.»

11 بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی خوداکەیەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە. 12 ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە گەڕایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت.

13 خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“» 14 ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە.

زەبوورەکان 30

زەبوورێکی داود.

گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]

30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
    چونکە هەڵتکێشام و
    نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    تۆش چاکت کردمەوە.
ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
    منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.

ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
    ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
    بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
    بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.

کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
    «هەرگیز نالەقێم.»
ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
    منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
    پەرێشان بووم.

ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
«مەرگی من سوودی چی تێدایە،
    ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
    ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
    ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»

11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
    جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
    ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.

گەلاتیا 6:1-6

باری یەکتری هەڵگرن

خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە نەوەک تۆش بکەویتە تاقیکردنەوە. باری یەکتری هەڵگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی. ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، هیچیش نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە، چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت.

ئەو کەسەی فێری وشەی خودا[a] دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات.

گەلاتیا 6:7-16

هەڵمەخەڵەتێن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە. کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. 10 ئینجا هەروەک دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.

بوونەوەرێکی نوێ

11 سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن.[a]

12 ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە. 13 ئەوانەی خەتەنەکراون، تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن. 14 لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی گەورەمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان، 15 چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنە نەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ. 16 با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش.

لۆقا 10:1-11

عیسا حەفتا و دوو قوتابی دەنێرێت

10 پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت. جا پێی دەفەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت. بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگ دەتاننێرم. نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن.

«چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“ ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن.

«چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن، ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ 10 بەڵام چوونە هەر شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن: 11 ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“

لۆقا 10:16-20

16 «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»

گەڕانەوەی نێردراوان

17 حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.»

18 ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت. 19 ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت. 20 بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.