Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 85

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
    دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
    هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[a]
هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
    لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.

ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە،
    تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
    نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
    بۆ ئەوە گەلەکەت پێت شاد بێت؟
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
    ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.

ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
    چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
    بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
    بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.

10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
    ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[b].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
    ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
    زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
    ڕێگای بۆ خۆش دەکات.

هۆشەع 4

سکاڵا لە دژی ئیسرائیل

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
    چونکە یەزدان سکاڵای هەیە
    لە دانیشتووانی خاکەکە:
«نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ،
    نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.
نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن،
    دزی و داوێنپیسی،
پەرەی سەندووە و
    خوێنڕشتن، خوێن ڕشتنی بەدوادا دێت.
لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و
    ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت،
بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە،
    تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.

«بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و
    کەسیش تاوانبار نەکرێت،
چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە
    سکاڵا لە کاهین دەکەن.
تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و
    بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت،
منیش دایکت لەناودەبەم.
    گەلەکەم لە نەزانین لەناودەچێت.

«لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە،
    منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت.
لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد،
    منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.
ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون،
    ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد،
    منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.
قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و
    ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.
جا کاهین وەک گەل دەبێت،
    بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم،
    کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.

10 «دەخۆن و تێر نابن،
    لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن،
چونکە وازیان لە یەزدان هێنا
بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن 11     بۆ لەشفرۆشی و
بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ
    کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.
12 گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن،
    وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و
    دڵسۆزی خودای خۆیان نین.
13 لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و
    لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن،
لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن،
    چونکە سێبەری باشە!
لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و
    بووکەکانیشتان داوێنپیسی.

14 «کچەکانتان سزا نادەم
    کە لەشفرۆشی دەکەن و
بووکەکانیشتان
    کە داوێنپیسی دەکەن،
چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و
    لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن.
    گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!

15 «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت،
    بەڵام با یەهودا تاوان نەکات.

«مەچن بۆ گلگال و
    سەرمەکەون بۆ بێت‌ئاڤن[a] و
    سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“
16 وەک نوێنگینێکی[b] کەللەڕەق
    ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە،
ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت
    وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟
17 ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە،
    وازی لێ بهێنن!
18 تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت،
    هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن،
    گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.
19 با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە،
    بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.

کردار 1:15-20

15 ڕۆژێکیان پەترۆس لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداران دابوو، هەستا و گوتی: 16 «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت. 17 لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»

18 بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لەناوەڕاستەوە شەقبوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە. 19 هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناونا، حەقل دەمخ، واتە: کێڵگەی خوێن.

20 ئەوە بوو پەترۆس درێژەی پێدا: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە:

«[با ماڵەکەی چۆڵ بێت،
    کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!][a]

هەروەها:

[با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.][b]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.