Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]
30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
زیندووبوونەوەی کوڕی شونەمییەکە
8 ڕۆژێکیان ئەلیشەع چوو بۆ شونێم، لەوێ ژنێکی ناودار هەبوو، پێداگری کرد لەلای ئەو نان بخوات. ئیتر هەر کاتێک دەپەڕییەوە، دەچووە لای ئەو بۆ نانخواردن. 9 ژنەکە بە مێردەکەی خۆی گوت: «من زانیومە ئەو پیاوەی کە هەمیشە بەلاماندا تێدەپەڕێت، پیاوێکی پیرۆزی خودایە. 10 با ژوورێکی بچووک لە سەربان دروستبکەین، تێیدا جێیەکی نوستن و مێز و کورسی و چرایەکی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتە لامان لەوێ بمێنێتەوە.»
11 ڕۆژێک ئەلیشەع هاتە ئەوێ، چووە ژوورەکەی سەرەوە و لەوێ پاڵکەوت. 12 ئینجا بە گێحەزیی خزمەتکاری گوت: «ئەو ژنە شونەمییەم بۆ بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد و ژنەکە لەبەردەم گێحەزی ڕاوەستا. 13 ئەلیشەع بە گێحەزیی گوت: «پێی بڵێ: ”ئەوەتا تۆ ئەو هەموو زەحمەتییەت بۆ ئێمە کێشاوە. چۆن چاکەت بدەمەوە؟ هیچت هەیە هەتا لەبارەیەوە قسە لەگەڵ پاشا یاخود سەرکردەی سوپادا بکرێت؟“»
ژنەکەش وەڵامی دایەوە: «من لەنێو کەسوکاری خۆمم و پێویستم بە هیچ نییە.»
14 ئەلیشەعیش پرسی: «ئەی چی بۆ بکرێت؟»
گێحەزیش گوتی: «منداڵی نییە و مێردەکەشی پیرە.»
15 ئینجا ئەلیشەع گوتی: «بانگی بکە.» ئەویش بانگی کرد و لە بەردەرگاکە ڕاوەستا. 16 ئەلیشەع پێی گوت: «ساڵی داهاتوو لەم کاتە کوڕێک لە باوەش دەگریت.»
ژنەکە گوتی: «نەخێر گەورەم، ئەی پیاوی خودا، درۆ لەگەڵ کەنیزەکەت مەکە!»
17 لەدوای ئەوە ژنەکە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، لە ساڵی داهاتوو لە هەمان ئەو کاتەی کە ئەلیشەع پێی گوتبوو.
14 ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه. 15 ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوەی ڕقم لێیەتی ئەوە دەکەم. 16 ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە. 17 ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە، 18 چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتە لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە، 19 چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم. 20 ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە.
21 کەواتە ئەم یاسایە دەبینم: کاتێک دەمەوێت چاکە بکەم، خراپە لەلام ئامادەیە، 22 چونکە لە ناخمدا بە تەوراتی خودا دڵشادم، 23 بەڵام یاسایەکی دیکە لە ئەندامانی جەستەمدا دەبینم، کە بەربەرەکانێی یاسای هزرم دەکات و دەمکاتە دیلی یاسای گوناه کە لە ئەندامەکانی جەستەمدایە. 24 ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریای ئەم جەستەیەم دەکەوێت کە دەبێت بمرێت؟ 25 سوپاسی خودا دەکەم کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە دەربازم دەکات!
کەواتە بە بیری خۆم خزمەتی تەوراتی خودا دەکەم، بەڵام بە سروشتی دنیاییم خزمەتی یاسای گوناه دەکەم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.