Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ג (گیمێل)
17 چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،
تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
18 چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،
کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
19 من نامۆم لە زەوی،
ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
20 گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی
بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
21 سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،
کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
22 ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،
چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
23 هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،
بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
24 یاساکانت شادمانی منن،
ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.
ד (دالێت)
25 گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،
بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
26 باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،
فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
27 ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،
لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
28 گیانم لە خەفەتان توایەوە،
بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
29 ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،
لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
30 ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،
حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
31 دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،
ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
32 بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،
چونکە دڵی منت ئازاد کرد.
5 یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار،
ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن،
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.
6 ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و
لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت،
ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و
بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت،
ناوی یەزدانە.
7 «ئەی نەوەی ئیسرائیل،
ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان[a] نین؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و
فەلەستییەکان لە کریتەوە و
ئارامییەکان لە قییرەوە؟
8 «بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست
لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.
لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،
بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 «چونکە من فەرمان دەدەم و
لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،
وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت
بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
10 هەموو گوناهبارانی گەلەکەم
بە شمشێر دەکوژرێن،
هەموو ئەوانەی دەڵێن:
”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“
بنیادنانەوەی ئیسرائیل
11 «لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود
هەڵدەدەمەوە.
شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،
ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
12 تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و
هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.
13 یەزدان دەفەرموێت:
«سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و
شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.
چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و
هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
14 ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.
«شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.
ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،
باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
15 لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،
هەرگیز لەو خاکەکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»
یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.
41 جولەکەش بۆڵەبۆڵیان لەسەر دەکرد، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» 42 گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟»
43 عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. 44 کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. 45 لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: [هەموو لە خوداوە فێر دەبن.][a] جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. 46 کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. 47 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. 48 منم نانی ژیان. 49 باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. 50 بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. 51 منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.