Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
سەبەتەیەک میوەی گەییو
8 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. 2 جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
3 «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
4 ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
گوێتان لەمە بێت:
5 ئێوە دەڵێن،
«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
نرخ زیاد بکەن و
فێڵ لە تەرازوو بکەن،
6 بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
نەداران بە جووتێک پێڵاو و
بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.
7 یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.»
8 «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»
9 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:
«جا لە نیوەڕۆدا ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش[a] دەکەمە بەر هەمووتان و
قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»
11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
بەڵام نایدۆزنەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[a] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.
52 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
2 زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
خەریکی فێڵبازییە.
3 زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.[b]
4 حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
ئەی زمانی فێڵباز!
5 بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
6 ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
7 «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو،
لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!»
8 بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
9 هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.
عیسا وێنەی خودای نەبینراوە
15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە[a] و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، 16 چونکە بەهۆی ئەوەوە هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی بەهۆی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. 17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەهۆی ئەوەوە یەکیگرتووە. 18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، 19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، 20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە، بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.
21 ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری، 22 بەڵام ئێستا بەهۆی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح بە مردن ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ گلەیی پێشکەشتان بکات، 23 ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی لە هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.
تێکۆشانی پۆڵس بۆ باوەڕداران
24 ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو[b] دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە. 25 من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم، 26 ئەم نهێنییەی لە ڕۆژگارەکانەوە و بە درێژایی نەوەکان شاردراوە بوو، بەڵام ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا. 27 پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لە ناخی دڵماندایە، ئەمەش هیوای شکۆداربوونە.
28 ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا.
لە ماڵی مریەم و مەرسا
38 کاتێک دەڕۆیشتن چووە گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو. 39 خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت. 40 بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.»
41 مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و نارەحەتیت. 42 بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.