Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:17-32

ג (گیمێل)

17 چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،
    تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
18 چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،
    کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
19 من نامۆم لە زەوی،
    ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
20 گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی
    بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
21 سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،
    کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
22 ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،
    چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
23 هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،
    بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
24 یاساکانت شادمانی منن،
    ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.

ד (دالێت)

25 گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،
    بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
26 باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،
    فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
27 ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،
    لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
28 گیانم لە خەفەتان توایەوە،
    بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
29 ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،
    لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
30 ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،
    حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
31 دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،
    ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
32 بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،
    چونکە دڵی منت ئازاد کرد.

ئامۆس 7:1-6

شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] لووشدا، خاکەکەشی خوارد. ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.

یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»

کۆلۆسی 1:27-2:7

27 پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لە ناخی دڵماندایە، ئەمەش هیوای شکۆداربوونە.

28 ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا. 29 بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات.

دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە، تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتە مەسیح، لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە. ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات. هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.

تەواوەتی مەسیح

ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە گەورەی خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان، لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.