Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 52

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[a] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.

52 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
    ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
    بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
    وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
    خەریکی فێڵبازییە.
زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
    لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.[b]
حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
    ئەی زمانی فێڵباز!

بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
    دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
    ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
    پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
«ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
    بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو،
    لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!»

بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
    هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
    ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.

ئامۆس 5:10-17

10 ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و
    قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.

11 لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و
    بەشە گەنمی لێ دەستێنن،
ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە،
    تێیاندا دانانیشن،
ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە،
    لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
12 چونکە دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن،
    گوناهەکانتان گەورەن.

ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران،
    مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.
13 لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت،
    چونکە کاتێکی خراپە.

14 دوای چاکە بکەون نەک خراپە،
    بۆ ئەوەی بژین،
جا وادەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت،
    وەک خۆتان گوتتان.
15 ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت،
    دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن،
ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
    لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.

16 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت:

«لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و
    لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“
جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و
    ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.
17 لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت،
    چونکە بەناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

عیبرانییەکان 5:1-6

هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات. دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە. لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.

کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد. بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆک کاهین، بەڵکو خودا پێی فەرموو:

[تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][a]

وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ:

[هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
    لە پلەی مەلکیسادق[b]‏.][c]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.