Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 23:1-7

دواهەمین وشەکانی داود

23 ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:

«پەیامی داودی کوڕی یەسا،
    ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
    زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:

«ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
    وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
خودای ئیسرائیل فەرمووی،
    تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[a] لەگەڵ من دوا:
”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
    کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
    لە بەیانییەکی ساماڵ،
وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
    کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“

«ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
    چونکە پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
    کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
ئایا هەموو ڕزگارییەکەم و
    هەموو ئارەزووەکانم ناهێنێتە دی؟
بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
    کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
    ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
    ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

زەبوورەکان 132:1-12

گۆرانی گەشتیاران.

132 ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی
    بەبیر خۆت بهێنەوە.

ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد،
    نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
«شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکم،
    نەچمە ناو نوێنەکەم،
خەو نەدەم بە چاوەکانم،
    پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
تاکو شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم،
    نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»

ئەوەتا لە ئەفراتە[a] هەواڵی ئەومان بیست،
    لەناو کێڵگەکانی «یاعەر»[b] دۆزیمانەوە:
«با بچینە نشینگەکەی،
    با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
    خۆت و سندوقی هێزت[c].
با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن،
    خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»

10 لە پێناوی داودی بەندەی خۆت،
    دەستنیشانکراوەکەت[d] ڕەت مەکەرەوە.

11 یەزدان بە ڕاستی سوێندی بۆ داود خوارد و
    لێی پاشگەز نابێتەوە:
    «لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
12 ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن،
    هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم،
ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە
    لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»

زەبوورەکان 132:13-18

13 چونکە یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و
    حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
14 «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە،
    لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
15 بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم،
    هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
16 ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی،
    خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.

17 «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم،
    چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم[a] ئامادە دەکەم.
18 شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی،
    بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»

ئاشکراکردن 1:4-8

سڵاو بۆ کڵێساکان

لە یۆحەناوە،

بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا:

با نیعمەت[a] و ئاشتی بۆ ئێوە، لەوەی هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەی لەبەردەم تەختەکەیدان، هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە، سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە.

ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.

ئەوەتا لەگەڵ هەوردا[b] دێت و
    هەموو چاوێک دەیبینێت،
ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە،
    هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.
            بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بە توانا.»

یۆحەنا 18:33-37

33 لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟»

34 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟»

35 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟»

36 عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من لەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من لەم جیهانە بووایە، خزمەتکارانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من لێرە نییە.»

37 ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام[a]. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.