Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
132 ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی
بەبیر خۆت بهێنەوە.
2 ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد،
نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
3 «شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکم،
نەچمە ناو نوێنەکەم،
4 خەو نەدەم بە چاوەکانم،
پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
5 تاکو شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم،
نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»
6 ئەوەتا لە ئەفراتە[a] هەواڵی ئەومان بیست،
لەناو کێڵگەکانی «یاعەر»[b] دۆزیمانەوە:
7 «با بچینە نشینگەکەی،
با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
8 ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
خۆت و سندوقی هێزت[c].
9 با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن،
خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»
10 لە پێناوی داودی بەندەی خۆت،
دەستنیشانکراوەکەت[d] ڕەت مەکەرەوە.
11 یەزدان بە ڕاستی سوێندی بۆ داود خوارد و
لێی پاشگەز نابێتەوە:
«لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
12 ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن،
هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم،
ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە
لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»
13 چونکە یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و
حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
14 «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە،
لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
15 بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم،
هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
16 ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی،
خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.
17 «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم،
چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم[a] ئامادە دەکەم.
18 شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی،
بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»
پەیمان نوێکردنەوەی یۆشیا
23 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. 2 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. 3 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا[a] کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت، هەموو گەلیش پابەندی پەیمانەکە بوون.
4 ئینجا پاشا فەرمانی دا بە حیلقیای سەرۆک کاهین و کاهینەکانی کۆمەڵی دووەم و دەرگاوانەکان کە هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی بۆ بەعل و ئەشێرا و هەموو هێزەکانی ئاسمان دروستکراون، لە پەرستگای یەزدان ببەنە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆرشەلیم لە کێڵگەکانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵەمێشەکەشی ببەنە بێتئێل. 5 خزمەتکارانی بتەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن، ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند. 6 ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی، کوتای هەتا بووە خۆڵ، خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد. 7 ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون، ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی.
8 یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند، لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع. نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند، ئەوەی لە دەروازەی دەرگای یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە بوو. 9 هەرچەندە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆیان نەبوو بچنە قوربانگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بەڵام لەگەڵ براکانیان نانی فەتیرەیان خوارد.
10 ئینجا تۆفەتی دۆڵی بەنهینۆمی گڵاوکرد بۆ ئەوەی کەس کوڕەکەی یان کچەکەی بۆ مۆلەخ[b] وەک قوربانی نەسووتێنێت. 11 ئەو پەیکەری ئەسپانەش کە پاشاکانی پێشووی یەهودا بۆ خۆر تەرخانیان کردبوو، لە دەروازەی پەرستگای یەزدان ڕایماڵین. لە حەوشەکەی نزیک ژوورەکەی ناتانمەلەخی کاربەدەست بوون. پاشان یۆشیا گالیسکە تەرخانکراوەکانیشی بە ئاگر سووتاند، کە بۆ پەرستنی خۆر بەکاردەهێنران.
12 ئەو قوربانگایانەشی تێکدا کە پاشاکانی یەهودا لە سەربانی ژووری سەرەوەی ئاحاز دروستیان کردبوو، هەروەها ئەو قوربانگایانەی کە مەنەشە لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان بنیادی نابوون. پاشا لەوێش دووری خستنەوە، وردوخاشی کردن و دار و بەردەکەیان لە دۆڵی قدرۆن بە با کرد. 13 ئەو نزرگانەی سەر بەرزاییش کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمن لەلای باشووری گردی گەندەڵین، ئەوانەی کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل بنیادی نان بۆ عەشتۆرەتی خواژنە قێزەونی سەیدائییەکان و کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان، پاشا هەموویانی گڵاوکرد. 14 یۆشیا بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە، شوێنەکانی بە ئێسکی خەڵک پڕکردەوە.
31 ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییە ئەوە زەمینییە و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە و 32 شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت. 33 ئەوەی شایەتییەکەی وەردەگرێت، مۆری دەکات کە خودا ڕاستە، 34 چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت، لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز دەبەخشێت. 35 باوکی ئاسمانی کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. 36 ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.