Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
20 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
21 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
22 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
لە فەرزەکانی لام نەداوە.
23 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
خۆم لە گوناه پاراستووە.
24 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
25 لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
26 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
27 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.[a]
28 ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت،
خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
29 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
30 ڕێبازی خودا تەواوە،
بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
ڕائووس و بۆعەز لە جۆخینەکە
3 ناعۆمی خەسووی پێی گوت: «کچم ئایا پێویست نییە هەوڵ بدەم بۆ حەوانەوەت کە خێری تۆی تێدابێت؟ 2 بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە[a] شەنی جۆ دەکات. 3 خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە و بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە بەڵام خۆت ئاشکرا مەکە لەلای پیاوەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە. 4 هەر کە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.»
5 ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.» 6 ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی.
7 بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت.
17 «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، 18 تاکو [لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.][a] 19 لەگەڵ نەژادەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.
20 «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، 21 کاتێک دوورخرایەوە[b]، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. 22 موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.
23 «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی براکانی بکات، نەوەی ئیسرائیل. 24 یەکێکی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. 25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. 26 بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“
27 «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ 28 ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟][c] 29 موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.