Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 1:4-20

جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات، بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو. هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو. وای دەکرد، ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا بۆ ماڵی یەزدان بچووایە، هەوێیەکەی ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد. ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»

لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو. 10 حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان. 11 حەنا نەزرێکی[a] کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»

12 ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد، 13 حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە. 14 جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»

15 حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم. 16 کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»

17 عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»

18 حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.

19 بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە. 20 ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل، گوتی: «چونکە داوام لە یەزدان کرد.»

یەکەم ساموئێل 2:1-10

نوێژی حەنا

حەنا نوێژی کرد و گوتی:

«دڵم بە یەزدان شادە،
    سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
    لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.

«کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
    بێجگە لە تۆ کەس نییە،
    هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.

«بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
    با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
    ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.

«کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
    شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
    برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
    ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.

«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
    دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
    نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
    تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.

«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
    جیهانی لەسەر داناوە.
پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.

«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10     نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
    یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.

«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
    سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»

عیبرانییەکان 10:11-14

11 هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات. 12 بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت، 13 لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی، 14 چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.

عیبرانییەکان 10:15-18

15 ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:

16 [یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە
    لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم،
«فێرکردنەکانم[a] دەخەمە ناو دڵیان و
    لەناو مێشکیان دەینووسم.»][b]

17 پاشان دەفەرموێت:

[لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.][c]

18 لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.

عیبرانییەکان 10:19-25

19 بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە، 20 بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە، 21 لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا[a] دەکات، 22 هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا[b] تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا. 23 با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە. 24 هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. 25 با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.

مەرقۆس 13:1-8

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

13 کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»

عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی: «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ و نیشانە چییە کە خەریکە هەموو ئەمانە تەواو بن؟»

عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات. زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات، هەروەها قاتوقڕی، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.