Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 146

146 هەلیلویا!

ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.

هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم،
    هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
نە پشت بە میرەکان ببەستن،
    نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە،
    لە هەمان ڕۆژدا نەخشەکانی دەسڕێتەوە.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
    هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
دروستکەری ئاسمان و زەوی و
    دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
    ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
    نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
    یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
    یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.

10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
    ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.

هەلیلویا.

ڕائووس 2:10-14

10 ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «چۆن لەبەرچاوی تۆ ڕەزامەندیم بەدەستهێنا، لە کاتێکدا من بێگانەم!»

11 بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەوەی کە بۆ خەسووت کردووتە دوای مردنی پیاوەکەت، بە تەواوی پێم گوتراوە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون. 12 با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە، با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە. ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.»

13 ئەویش گوتی: «گەورەم با بەردەوام لەبەرچاوت ڕەزامەندی بەدەستبهێنم، چونکە دڵت دامەوە و دڵی کارەکەرەکەتت خۆش کرد، هەرچەندە وەکو یەکێکیش نیم لە کارەکەرەکانت.»

14 لە کاتی نانخواردندا بۆعەز پێی گوت: «وەرە پێشەوە بۆ ئێرە و نان بخۆ و پارووەکەت بە سرکەکە بکە.»

ئەویش لەلای دروێنەکەرەکانەوە دانیشت و بۆعەزیش جۆی برژاوی پێدا، ئیتر خواردی و تێر بوو، لێشی مایەوە.

لۆقا 10:25-37

نموونەی سامیرەییە چاکەکە

25 تەوراتناسێک هەستا تاکو تاقی بکاتەوە، گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»

26 ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»

27 وەڵامی دایەوە: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،][a] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][b]»

28 عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»

29 بەڵام ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»

30 عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا[c] دەچوو، کەوتە دەست جەردە، برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. 31 وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. 32 هەروەها کابرایەکی لێڤیش[d] بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. 33 بەڵام سامیرەییەکی[e] ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، 34 لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. 35 ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“

36 «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»

37 تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»

عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.