Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
113 هەلیلویا!
ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
2 با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
4 یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
5 کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
6 ئەوەی دەچەمێتەوە
هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
7 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
8 بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
9 ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.
هەلیلویا!
28 کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند. 29 ڕڤقەش برایەکی هەبوو ناوی لابان بوو، لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بۆ لای کانییەکە. 30 هەرکە خەزێم[a] و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە. 31 ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ ئەوا من ماڵم ئامادە کردووە و شوێنیش بۆ وشترەکان.»
32 ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون. 33 ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.»
لابانیش گوتی: «قسە بکە.»
34 ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم، 35 یەزدانیش گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە، مەزن بووە، مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی داوەتێ. 36 سارای ژنی گەورەکەم لە تەمەنی پیری کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو. 37 گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم. 38 بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
39 «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
40 «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، لە کەسوکارەکەم و لە ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم دەخوازیت. 41 ئاوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێت، کاتێک بچیتە لای کەسوکارەکەم، ئەگەر نەتدەنێ ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
42 «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم،
16 هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا. 17 پەڕتووکی[a] ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:
18 «[ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات،
چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران،
منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بەدیلگیراون،
هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران،
بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و
19 ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان.][b]»
20 ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. 21 دەستی کرد بە قسەکردن و گوتی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
22 هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»
23 عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»
24 هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت. 25 لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە، 26 بەڵام ئەلیاس بۆ ئەوان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەند لە ناوچەی سەیدا. 27 لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»
28 هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون. 29 دەریانکردە دەرەوەی شار، بردییانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە. 30 بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.