Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان.
127 ئەگەر یەزدان خانووەکە دروستنەکات،
وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن.
ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات،
پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
2 بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو،
خواردنی نانی ڕەنجکێشی،
چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.
3 بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە،
پاداشتی بەری سکن.
4 وەک تیری دەستی پاڵەوان،
ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە،
شەرمەزار نابێت کە لە دادگا[a] لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.
بۆعەز ڕائووس لە خۆی مارە دەکات
4 هەر لەو ماوەیەدا بۆعەز بۆ دەروازەی شارۆچکەکە سەرکەوت و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو ئەو خوێنگرەی کە بۆعەز باسی کرد لەوێوە تێپەڕی. بۆعەزیش گوتی: «خزمە، لابدە و لێرە دابنیشە.» ئەویش لایدا و دانیشت.
2 ئینجا بۆعەز دە پیاوی لە پیرانی شارۆچکەکە برد و پێی گوتن: «لێرە دابنیشن.» ئەوانیش دانیشتن. 3 ئینجا بە خوێنگرەکەی[a] گوت: «ناعۆمی کە لە وڵاتی مۆئاب گەڕاوەتەوە، پارچە زەوییەکی هەیە کە هی ئەلیمەلەخی برامانە دەیفرۆشێت. 4 منیش پێم وایە ئەرکی منە کە پێت بڵێم لەبەردەمی دانیشتووان و لەبەردەمی پیرانی گەلەکەم بیکڕە. ئیتر ئەگەر دەیکڕیتەوە بیکڕەوە و ئەگەر نایکڕیتەوە ئەوا پێم بڵێ با بزانم، چونکە تۆ لەپێشتریت بۆ کڕینەوەی، دوای تۆ من.»
ئەویش گوتی: «دەیکڕمەوە.»
5 بۆعەزیش گوتی: «ئەو ڕۆژەی زەوییەکە لە دەستی ناعۆمی دەکڕیتەوە هەروەها لە دەستی ڕائووسی مۆئابی کە ژنی مردووەکەیە، ڕائووسیش مارە دەکەیت، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەیت.»
6 خوێنگرەکەش گوتی: «ناتوانم بۆ خۆم بیکڕمەوە، نەوەک میراتەکەی خۆم تێکبدەم. جا تۆ خۆت بیکڕەوە، چونکە من ناتوانم بیکڕمەوە.»
7 وا باو بوو لە ئیسرائیلدا بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی هەموو کارێکی مافی کڕینەوە و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک، کابرا پێڵاوەکەی دابکەنێت و بیداتە لایەنی بەرامبەر. ئیتر ئەمە ئەو نەریتە بوو کە لە ئیسرائیل دەگیرایەبەر.
8 ئینجا خوێنگرەکە بە بۆعەزی گوت «بۆ خۆت بیکڕە» و پێڵاوەکەی داکەند.
9 بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە. 10 هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!»
6 کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. 7 لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. 8 بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.
9 ئێستاش کە بە خوێنی ئەو بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی ئەوەوە چەندە زیاتر لە تووڕەیی خودا ڕزگار دەبین![a] 10 چونکە ئەگەر کاتێک دوژمن بووین لەگەڵ خودا، بە مردنی کوڕەکەی ئاشت بووینەوە، ئەی دوای ئەوەی کە ئاشت بووینەوە چەند زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگار دەبین! 11 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە شانازی بە خودا دەکەین، ئەوەی ئێستا بەهۆیەوە ئاشتبوونەوەمان وەرگرتووە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.