Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 113

113 هەلیلویا!

ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
    ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
    با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.

یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
    شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
    ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
ئەوەی دەچەمێتەوە
    هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟

ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
    لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
    دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.

هەلیلویا!

پەیدابوون 24:11-27

11 لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک[a] وشترەکانی خست. دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.

12 ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە، چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە. 13 من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان. 14 دەبا ئەو کچەی پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت هەڵبژاردبێت بۆ خزمەتکارەکەت، بۆ ئیسحاق. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»

15 پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو. 16 کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.

17 خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»

18 ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.

19 دوای ئەوەی ئاوی دایێ، گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.» 20 ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە هەتا ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان. 21 پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.

22 کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل[b] بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو. 23 ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان تێیدا بمێنینەوە؟»

24 ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.» 25 پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»

26 ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد، 27 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی نەهێنا لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم، من بەڕێوە بووم، یەزدان ڕێنمایی کردم بۆ ماڵی برایانی گەورەکەم.»

یەکەم تیمۆساوس 5:9-16

ئەگەر بێوەژن تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت لە لیست بنووسرێت، 10 بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.

11 بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک زەوقیان هەستێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. 12 ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە[a]. 13 هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی شتێک دەکەن کە پێویست نییە. 14 بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت، ماڵ بەڕێوە ببەن، دەرفەتێک نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، 15 چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.

16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.