Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 3

زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی[a] کوڕی هەڵات.

ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
    چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
    «خودا ڕزگاری ناکات.»[b]

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
    شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
    ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.

ڕادەکشێم و دەخەوم،
    بەئاگادێمەوە چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
    ئەوانەی دەوریان گرتووم.

ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
    ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
لە بناگوێی دوژمنەکانم بدە و
    کەڵبەی بەدکاران وردوخاش بکە.

ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
    با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.

یەکەم پاشایان 8:22-30

نوێژی تەرخانکردنی پەرستگا

22 ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە، 23 گوتی:

«ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن. 24 تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی.

25 «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەن، هەروەک چۆن تۆ بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیت کردم.“ 26 ئێستاش ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی باوکم دا کە بەندەی تۆیە.

27 «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە! 28 بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت ئەمڕۆ لەبەردەمت دەیکات. 29 با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات. 30 هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە، ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە بیستت لێمان خۆشبە.

مەرقۆس 13:9-23

«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەتاندەنە دادگا و کەنیشتەکان، جا لێتان دەدرێت و لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشاکان لە پێناوی من ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆیان. 10 هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. 11 کاتێکیش دەتانبەن بۆ ئەوەی بەدەستەوەتان بدەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان دەدرێتێ بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.

12 «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی، منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 13 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

گەورەترین تەنگانە

14 «کاتێک [قێزەونی وێرانکەر][a] دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕابکەنە چیاکان، 15 ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەکەی هەڵبگرێت، 16 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 17 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 18 نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت، 19 چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات، لە سەرەتای بەدیهێنراوانەوە کە خودا بەدیهێنان، هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

20 «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی[b] کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە. 21 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 22 چونکە مەسیحە درۆزنەکان و پێغەمبەرانی درۆزن[c] دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن. 23 بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.