Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
14 یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.
15 «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا
لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم،
جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.
16 لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
زەبوورێکی داود.
25 ئەی یەزدان، گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
2 ئەی خودای من، پشتم بە تۆ بەستووە.
ڕێ مەدە شەرمەزار بم،
دوژمنانم پێ خۆش مەکە.
3 هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە تۆ هەیە
شەرمەزار نابن،
بەڵکو ئەوانە شەرمەزار دەبن
کە بەبێ هۆ ناپاکی دەکەن.
4 ئەی یەزدان، ڕێگاکانی خۆتم پێ بناسێنە،
ڕێڕەوەکانی خۆتم فێر بکە.
5 لە ڕاستی خۆت ڕێنماییم بکە و فێرم بکە،
چونکە تۆ خودای ڕزگارکەری منیت،
بە درێژایی ڕۆژ ئومێدم هەر بە تۆیە.
6 ئەی یەزدان، بەزەیی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆت لەبیر بێت،
چونکە لە دێرزەمانەوە ئەمانە هەن.
7 ئەی یەزدان، گوناهەکانی کاتی گەنجیەتیم و
یاخیبوونەکانم بەبیر خۆت مەهێنەوە،
بەڵکو بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بیرم لێ بکەرەوە،
لە پێناوی چاکی خۆت.
8 یەزدان چاک و سەرڕاستە،
بۆیە گوناهباران فێری ڕاستەڕێیی دەکات،
9 ڕابەرایەتی بێفیزەکان دەکات بۆ دادپەروەری،
ئەوان فێری ڕێگای خۆی دەکات.
10 هەموو ڕێگاکانی یەزدان ڕاست و خۆشەویستی نەگۆڕن
بۆ ئەو کەسانەی فەرزەکانی پەیمانەکەی ناشکێنن.
9 نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە. 10 شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕی باوەڕتان دابین بکەین.
11 با خودای باوکمان و عیسای گەورەمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات، 12 هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان. 13 با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.
25 «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. 26 لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. 27 ئەوسا کوڕی مرۆڤ بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە بەسەر هەورەوە دەبینن دێت. 28 کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان[a] نزیک دەبێتەوە.»
29 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. 30 کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. 31 ئێوەش کە دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن پاشایەتی خودا نزیکە.
32 «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 33 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»
بەخەبەر بن و وریابن
34 «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، 35 چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. 36 کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.