Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[a].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[b] لەبەردەمیدا بین.
76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»
ڕۆژی یەزدان
4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە. جا هەموو لووتبەرزان و هەموو بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش، ئەو ڕۆژەش کە دێت دەیانسووتێنێت. نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە. 2 ئەی ئەوانەی لە ناوەکەم دەترسن، بەڵام ئێوە خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە. جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن. 3 ئینجا لەو ڕۆژەی ئەوە دەکەم، ئێوە خراپەکاران پێشێل دەکەن، دەبنە خۆڵەمێش لەژێر نەعلی پێتان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
4 «تەوراتی موسای بەندەی منتان لە یاد بێت، فەرز و حوکمەکان، کە من لە حۆرێڤ فەرمانم پێی کرد بۆ هەموو ئیسرائیل.
5 «گوێ بگرن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت، من ئەلیاسی پێغەمبەرتان بۆ دەنێرم. 6 دڵی باوکان بۆ منداڵ و دڵی منداڵان بۆ باوک دەگەڕێنێتەوە، نەوەک بێم و خاکەکە بە تەواوی وێران بکەم.»
عیسا دوازدە نێردراوەکە دەنێرێ
9 کاتێک دوازدەکەی[a] بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان، 2 ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە. 3 پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش دوو کراسی نەبێت. 4 چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 5 ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.» 6 جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاکدەکردەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.