Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 1:68-79

68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[a].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
    لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
    هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
    پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
    بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[b] لەبەردەمیدا بین.

76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
    چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
    بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
    کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
    بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»

مەلاخی 3:13-18

13 یەزدان دەفەرموێت: «قسەکانتان لەسەر من ڕەق بوون.»

«ئێوەش دەپرسن: ”چیمان لەسەر تۆ گوتووە؟“

14 «ئێوە گوتتان: ”بەندایەتی خودا بێهوودەیە. چ سوودێکی هەبوو کە فەرمانەکانی ئەومان پاراستووە و بە خەمبارییەوە لەبەردەم یەزدانی سوپاسالار ژیانمان گوزەراندووە؟ 15 بەڵام ئێستا ئێمە خۆزگە بە لووتبەرزان دەخوازین. هەروەها بەدکاران سەرکەوتوون، تەنانەت ئەوانەی خودا تاقی دەکەنەوە، دەرباز دەبن.“»

16 ئینجا ئەوانەی لە یەزدان دەترسان قسەیان لەگەڵ یەکتری کرد، یەزدانیش گوێی شل کرد و گوێی لێبوو. لەبەردەمیدا لە پێچراوەیەک تۆمار کرا، بۆ ئەوەی ببێتە یادەوەرییەک بۆ ئەوانەی لە یەزدان دەترسن و ڕێز لە ناوەکەی دەگرن.

17 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەوانە دەبنە هی من، لەو ڕۆژە دەبنە گەنجینەیەکی تایبەتی من. بەزەییم پێیاندا دێتەوە وەک چۆن پیاو بەزەیی بە کوڕەکەی دێتەوە کە خزمەتی دەکات. 18 ئینجا دیسان جیاوازی لەنێوان ڕاستودروستان و خراپەکاراندا دەبینن، لەنێوان ئەوانەی بەندایەتی خودا دەکەن و ئەوانەی نایکەن.»

فیلیپی 1:18-26

18 ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی بێت، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەمەش دڵشادم.

بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم، 19 چونکە دەزانم لە ڕێگەی پاڕانەوەکانتان و پشتگیری ڕۆحی عیسای مەسیح ئەمە دەبێتە هۆی ئازادکردنم[a]. 20 بە پەرۆشەوە چاوەڕوانم و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵام ورەبەرز دەبم بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن، 21 چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. 22 بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! 23 لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەمەش زۆر باشترە، 24 بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە. 25 لەمە دڵنیام، دەزانم لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ، 26 تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.