Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
لقەکە لە بنەماڵەی یەسا
11 چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
2 ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
3 بە لەخواترسی شادمان دەبێت.
بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4 بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
5 ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
6 گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
7 مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
شێر وەکو گا کا دەخوات.
8 کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
9 خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
8 تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل،
ئەی قەڵای سییۆنی کچ،
هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە،
پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»
9 ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟
بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟
ئایا پاشات نییە،
یان ڕاوێژکارت مردووە؟
10 ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ
وەک ژنی ژانگرتوو،
چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و
لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت.
دەچیتە بابل،
لەوێ دەرباز دەکرێیت.
لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە
لە دەستی دوژمنەکانت.
11 بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە
لە دژی تۆ کۆدەبنەوە.
دەڵێن: «با گڵاو بێت،
با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.»
12 بەڵام ئەوان نازانن
بیرکردنەوەی یەزدان چییە،
هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن،
چونکە وەک مەلوی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە.
13 «ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە،
چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم.
سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و
چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.»
دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت،
سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.
31 عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟ 32 لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن:
«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
شینمان بۆ کردن و نەگریان.“
33 یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ 34 کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ 35 بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.