Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 90

کۆکراوەی بەشی چوارەم

زەبوورەکانی 90‏–106

نوێژێکی موسای پیاوی خودا.

90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
    تۆ پەناگامان بوویت.
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
    یان زەوی و جیهان دروستببن،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
    دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
    وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
    وەک بەشێکی شەو وایە.
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
    وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
    بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

چونکە بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین،
    بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە،
    شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
چونکە هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو،
    ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە،
    یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت،
ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە،
    چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟
    چونکە تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین،
    بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.

13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
    لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
    هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
    ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
    شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
    کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
    بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.

ئیشایا 1:24-31

24 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت:
«ئای، لە ناحەزانم دەحەسێمەوە و
    تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە.
25 دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم،
    بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە،
    هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە.
26 ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و
    ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا.
پاش ئەمە پێت دەگوترێت
    ”شاری ڕاستودروستی“،
    ”شاری دڵسۆز“.»

27 بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە،
    تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی.
28 بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت،
    وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن.

29 «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی
    ئارەزووتان کرد،
تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی
    هەڵتانبژارد.
30 چونکە وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و
    وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت.
31 مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و
    ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر،
جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و
    کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»

لۆقا 11:29-32

نیشانەی یونس

29 کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس. 30 هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت. 31 شاژنی باشوور[a] لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. 32 خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.