Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 90

کۆکراوەی بەشی چوارەم

زەبوورەکانی 90‏–106

نوێژێکی موسای پیاوی خودا.

90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
    تۆ پەناگامان بوویت.
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
    یان زەوی و جیهان دروستببن،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
    دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
    وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
    وەک بەشێکی شەو وایە.
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
    وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
    بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

چونکە بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین،
    بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە،
    شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
چونکە هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو،
    ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە،
    یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت،
ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە،
    چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟
    چونکە تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین،
    بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.

13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
    لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
    هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
    ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
    شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
    کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
    بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.

سەرژمێری 17:1-11

خونچەکردنی گۆچانی هارون

17 یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە. لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە. جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»

ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو. جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.

بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە. جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.

10 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بپارێزرێت بۆ ئەوەی یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. ئینجا بۆڵەبۆڵیان لە دژم دەوەستێت، بۆ ئەوەی نەمرن.» 11 موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

دووەم پەترۆس 3

ڕۆژی یەزدان

خۆشەویستان، ئەمە دووەمین نامەیە بۆتان دەنووسم، تێیاندا بە یادتان دەهێنمەوە تاکو بیری پاکتان بوروژێنم، هەروەها تاکو وتەکانی پێغەمبەرە پیرۆزەکان بێنەوە یادتان، هەروەها ڕاسپاردەی مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕزگارکەرمان کە لە ڕێگەی نێردراوانتان دراون.

پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون، دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.» بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە. هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو. بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.

بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو هەموو بۆ تۆبەکردن بێن.

10 بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.

11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، 12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.

14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. 15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین، 16 وەک لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و نەچەسپاوەکان وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە[a] دەیشێوێنن، بۆ لەناوچوونی خۆیان.

17 بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون. 18 بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و گەورەماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.