Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
وامان لێهات وەک خەون ببینین.
2 ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
«یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
3 یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
شادمان بووین.
4 ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
وەک جۆگەکانی نەقەب[a].
5 ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
6 ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.
حەسانەوە بۆ گەلی خودا
40 دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
خوداتان دەفەرموێت،
2 بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.
3 کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
4 هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
هەورازیش دەبێت بە دەشت،
5 شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»
6 دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»
«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
7 گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
8 گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»
9 ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
«ئەوەتا خوداتان!»
10 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
11 وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.
22 دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. 23 تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتە ڕزگاریی جەستەمان، 24 چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ 25 بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.