Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی چوارەم
زەبوورەکانی 90–106
نوێژێکی موسای پیاوی خودا.
90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
تۆ پەناگامان بوویت.
2 بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
یان زەوی و جیهان دروستببن،
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.
3 تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
4 چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
وەک بەشێکی شەو وایە.
5 مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
6 سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.
7 چونکە بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین،
بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
8 گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە،
شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
9 چونکە هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو،
ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە،
یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت،
ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە،
چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟
چونکە تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین،
بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.
13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.
17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.
نزای داود
18 ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:
«ئەی یەزدانی باڵادەست، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟ 19 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئایندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئایا بە گشتی لەگەڵ مرۆڤ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەیت؟
20 «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت. 21 تۆ لە پێناوی بەڵێنەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەیەت کردووە بۆ ئەوەی لەلای بەندەکەت بزانرێت.
22 «ئەی یەزدانی باڵادەست، لەبەر ئەمە، چەند مەزنیت! کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە. 23 هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان و خوداوەندەکانیان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە. 24 ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت جێگیر کردووە کە بۆ هەتاهەتایە ببنە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
25 «ئەی یەزدانی پەروەردگار، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، بۆ هەتاهەتایە بیهێنە دی. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە. 26 با ناوت هەتاهەتایە مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالار خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
27 «ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد و فەرمووت: ”ماڵێکت بۆ بنیاد دەنێم.“ لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی ئەم نزایەت بۆ بکات. 28 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خودایت و بەڵێنەکانت متمانەپێکراون، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە. 29 ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدانی باڵادەست چونکە تۆ فەرمووت، ئینجا با لە بەرەکەتی تۆوە بۆ هەتاهەتایە بنەماڵەی بەندەکەت بەرەکەتدار بێت.»
12 «ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە. 13 من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.
14 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە. 15 سەگەکان و جادووگەران و داوێنپیسان و بکوژان و بتپەرستان و هەموو درۆزن و ئەوانەی حەز لە درۆ دەکەن لە دەرەوە دەبن.
16 «من عیسام، فریشتەکەمم نارد تاکو بەم شتانە شایەتی بۆ کڵێساکان بدەم. من لە ڕەگ و نەوەی داودم، ئەستێرەی بەیانی پڕشنگدار.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.