Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 11:1-9

لقەکە لە بنەماڵەی یەسا

11 چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
    لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
    ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
    ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
بە لەخواترسی شادمان دەبێت.

بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
    بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
    بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
    بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
    دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.

گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
    پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
    منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
    بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
    شێر وەکو گا کا دەخوات.
کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
    لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
    چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
    هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

سەرژمێری 16:20-35

20 ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 21 «خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.»

22 بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟»

23 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 24 «لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“»

25 موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن، 26 ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.» 27 ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور کەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان.

28 ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی هەتا ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە. 29 ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە. 30 بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.»

31 کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و 32 زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان. 33 جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون. 34 هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن، گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!»

35 ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد.

کردار 28:23-31

23 ڕۆژێکیان بۆ دیتنی پۆڵس دیاری کرد و زۆر کەس هاتنە ماڵەکەی. ئەویش لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە بۆیانی ڕوون دەکردەوە و شایەتی بۆ پاشایەتی خودا دەدا، هەوڵی دەدا بە تەوراتی موسا و پەڕتووکی پێغەمبەران دەربارەی عیسا قەناعەتیان پێ بهێنێت. 24 جا هەندێکیان بەو قسانەی قایل بوون، هەندێکیش باوەڕیان نەکرد. 25 ئینجا بە جیاوازی بیروڕاوە ئەوێیان بەجێهێشت کاتێک پۆڵس دوایین قسەی بۆ کردن: «ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە ڕاستی بە باوباپیرانتان فەرمووە:

26 «[بڕۆ لای ئەم گەلە و پێی بڵێ:
”ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
    ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن!“
27 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
    گوێیان قورس بووە،
    چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
    بە گوێیان ببیستن و
    بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.][a]

28 «با لەلاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ نەتەوەکان نێردرا، ئەوانیش گوێ دەگرن.» ⌟ 29 کاتێک ئەمەی گوت، جولەکەکان ڕۆیشتن و دەمەقاڵێیەکی زۆریان هەبوو.⌞

30 پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو ماڵەی بە کرێی گرتبوو مایەوە، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە لای، 31 بەوپەڕی ئاشکرایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.