Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ستایشی مریەم
46 مریەمیش گوتی:
«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47 ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49 چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»
کێوی یەزدان
4 لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
2 زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
3 لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات،
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
4 هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و
لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت،
کەس نایترسێنێت،
چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی.
5 هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر،
هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛
ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە
بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر.
مەسیح ئاشتیی ئێمەیە
11 بۆیە وەبیرتان بێتەوە، ئێوە بە جولەکەیی لەدایک نەبوون، پێتان دەگوترا «خەتەنە نەکراو» لەلایەن ئەوانەی پێیان دەگوترا «خەتەنەکراو»، ئەوەی لە جەستەدا بە دەست کراوە، 12 ئەو کاتە بێ مەسیح بوون، لە هاوڵاتییەتی ئیسرائیل بێگانە بوون و لە پەیمانەکانی بەڵێن نامۆ بوون، لە جیهاندا بێ هیوا و بێ خودا بوون. 13 بەڵام ئێوە ئێستا لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، هەرچەندە پێشتر دوور بوون، بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە.
14 لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە یەک، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند، 15 بە جەستەی خۆی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا[a]، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان[b] مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت، 16 تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد. 17 مەسیح هات و مژدەی ئاشتیی پێدان، بۆ ئێوە کە دوورن و نزیکن، 18 چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە هەردوو لامان لە یەک ڕۆحدا ڕێپێدراویێتیمان[c] هەیە بۆ چوونە لای باوک.
19 بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا، 20 لەسەر بناغەی نێردراوان و پێغەمبەران بنیاد نراون، عیسای مەسیحیش خۆی گرنگترین بەردی بناغەیە[d]. 21 هەموو خانووەکە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پێکەوە بەستراوە و گەشە دەکات هەتا ببێتە پەرستگایەکی پیرۆز بۆ مەسیح. 22 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا پێکەوە بنیادنراون، تاکو ببنە خانووێک بۆ ڕۆحی خودا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.