Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ستایشی مریەم
46 مریەمیش گوتی:
«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47 ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49 چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»
پلانی یەزدان
6 یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و
ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە،
هەروەها ئەوانەی سزام داون.
7 شەلەکان دەکەمە پاشماوە،
دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز.
یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات
لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە.
8 تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل،
ئەی قەڵای سییۆنی کچ،
هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە،
پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»
شایەتی نەگۆڕی نێردراوان
16 کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. 17 ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»[a] 18 ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.
19 هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. 20 لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، 21 چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.