Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
132 ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی
بەبیر خۆت بهێنەوە.
2 ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد،
نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
3 «شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکم،
نەچمە ناو نوێنەکەم،
4 خەو نەدەم بە چاوەکانم،
پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
5 تاکو شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم،
نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»
6 ئەوەتا لە ئەفراتە[a] هەواڵی ئەومان بیست،
لەناو کێڵگەکانی «یاعەر»[b] دۆزیمانەوە:
7 «با بچینە نشینگەکەی،
با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
8 ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
خۆت و سندوقی هێزت[c].
9 با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن،
خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»
10 لە پێناوی داودی بەندەی خۆت،
دەستنیشانکراوەکەت[d] ڕەت مەکەرەوە.
11 یەزدان بە ڕاستی سوێندی بۆ داود خوارد و
لێی پاشگەز نابێتەوە:
«لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
12 ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن،
هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم،
ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە
لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»
13 چونکە یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و
حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
14 «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە،
لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
15 بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم،
هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
16 ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی،
خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.
17 «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم،
چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم[a] ئامادە دەکەم.
18 شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی،
بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»
دۆزینەوەی پەڕتووکی تەورات
22 یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی یەدیدای کچی عەدایای خەڵکی بۆچقەت بوو. 2 یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، بە تەواوی ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.
3 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتییەکەی، پاشا شافانی خامەی نهێنی کوڕی ئەچەلیاهوی کوڕی مەشولامی ناردە پەرستگای یەزدان، گوتی: 4 «بڕۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین، با ئەو زیوە بژمێرێت کە خراوەتە ناو پەرستگای یەزدانەوە، ئەوەی دەرگەوانەکان لەنێو گەل کۆیان کردووەتەوە. 5 با بدرێتە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش بیدەنە ئەو کرێکارانەی داڕووخاوییەکانی پەرستگای یەزدان چاک دەکەنەوە، 6 دارتاش و وەستا و نەقاڕەکان. با دار و بەردی تاشراو بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە بکڕن. 7 بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرێت سەبارەت بەو زیوەی خرایە دەستیان، چونکە بە دەستپاکییەوە کار دەکەن.»
8 ئینجا حیلقیای سەرۆک کاهین بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» حیلقیا پەڕتووکەکەی دایە شافان و ئەویش خوێندییەوە. 9 پاشان شافانی خامەی نهێنی پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «کاربەدەستەکانت زیوی ناو پەرستگاکەیان بەتاڵ کرد و دایانە دەست ئەوانەی کارەکە دەکەن، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان.» 10 هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای ڕاگەیاند و گوتی: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی دامێ.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشا خوێندییەوە.
کوشتنی ستیفانۆس
54 کاتێک گوێیان لەمانە بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. 55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستە ڕاستی خودا وەستابوو. 56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستە ڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
57 بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، 58 بردییانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان لەبەرپێی گەنجێک داکەند ناوی شاول بوو.
59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» 60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[a].
چەوسانەوەی باوەڕداران
8 شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو.
هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.