Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 2:1-10

نوێژی حەنا

حەنا نوێژی کرد و گوتی:

«دڵم بە یەزدان شادە،
    سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
    لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.

«کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
    بێجگە لە تۆ کەس نییە،
    هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.

«بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
    با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
    ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.

«کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
    شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
    برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
    ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.

«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
    دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
    نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
    تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.

«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
    جیهانی لەسەر داناوە.
پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.

«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10     نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
    یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.

«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
    سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»

یەکەم ساموئێل 2:18-21

18 بەڵام ساموئێل هەر لە منداڵییەوە لەبەردەم یەزدان خزمەتی دەکرد و ئێفۆدێکی کەتانی لەبەر بوو. 19 دایکیشی ساڵ لەدوای ساڵ کەوایەکی بچووکی بۆ دروستدەکرد و کە لەگەڵ مێردەکەی دەڕۆیشت بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆی دەبرد. 20 عێلیش بۆ ئەلقانە و ژنەکەی داوای بەرەکەتی کرد و گوتی: «یەزدان لەم ژنەوە وەچەت بۆ بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی نوێژی بۆ کرد و بە یەزدانی دا.» ئینجا چوونەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان. 21 جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە، سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو.

کۆلۆسی 2:6-15

تەواوەتی مەسیح

ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە گەورەی خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان، لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.

ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.

خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێ بووە، 10 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە. 11 هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران[a]، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا. 12 لە کاتی لە ئاو هەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.

13 ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە، لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو. 14 ئەو تۆمارەی سڕییەوە[b] کە لە ئەرکەکاندا لەسەرمان بوو، لە دژی ئێمە بوو، لەم نێوەندە هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد. 15 سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند، لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.