Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان.
127 ئەگەر یەزدان خانووەکە دروستنەکات،
وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن.
ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات،
پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
2 بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو،
خواردنی نانی ڕەنجکێشی،
چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.
3 بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە،
پاداشتی بەری سکن.
4 وەک تیری دەستی پاڵەوان،
ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە،
شەرمەزار نابێت کە لە دادگا[a] لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.
11 هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون گوتیان: «ئێمە شایەتین. ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت یەزدان وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێتلەحم. 12 هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ئافرەتە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.»
بنەچەی داود
13 ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو. 14 ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە. 15 دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشویست و ئەو بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»
16 ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی. 17 ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.
15 لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.
16 ئەگەر وەسیەتنامە[a] هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ، 17 چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت. 18 بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا، 19 چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوری سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی. 20 فەرمووی: [ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.][b] 21 هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن. 22 بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.
مەسیح گەورەترین قوربانییە
23 پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، 24 چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.