Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
لە سێدارەدانی هامان
7 ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. 2 لە ڕۆژەی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
3 شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، 4 چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
5 ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
6 ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»
هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی.
9 ئینجا حەرڤۆنا، یەکێک لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد گوتی: «لە ماڵی هامان سێدارەیەک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[a]، بۆ مۆردەخای دروستی کردووە کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»
پاشا گوتی: «لەسەری هەڵیبواسن!» 10 بەو شێوەیە هامانیان لەسەر ئەو سێدارەیە هەڵواسی کە بۆ مۆردەخای ئامادەی کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.
جەژنی پوریم
20 ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی نووسییەوە، ناردی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، دوور و نزیکەکان. 21 داوای لێکردن هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن، 22 چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
2 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
3 ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
4 ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
5 ئەوا ئاوی هەڵچوو
بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»
6 ستایش بۆ یەزدان،
کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
7 گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
8 هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
نوێژ بە باوەڕەوە
13 کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. 14 کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن[a]. 15 ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. 16 بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.
17 ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. 18 نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا. 19 خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، 20 با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.
ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
38 یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
39 عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات، 40 چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە. 41 ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
کۆسپ دروستکردن
42 «ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. 43 ئەگەر دەستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. ⌟ 44 لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ 45 ئەگەر پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. ⌟ 46 لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ 47 ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی دوو چاوت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
48 «[لەوێ کرمەکانیان نامرن و
ئاگرەکە ناکوژێتەوە.][a]
49 هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
50 «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.