Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 144:9-15

ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
    بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
10 بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
    ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.

11 دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
    ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
    سوێندخواردنیشیان ساختەیە.

12 ئەوسا کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
    وەک نەمامی گەشەکردوو بن،
کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
    گۆشەی کۆشک بن.
13 ئەمبارەکانمان پڕ بن
    لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
    بە دەیان هەزار بن لەناو کێڵگەکانمان،
14 گامان باری قورس ڕابکێشیت.
    بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
    شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نەیێت!
15 خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
    خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.

گۆرانی گۆرانییەکان 8:5-7

دەستەخوشکەکان

ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و
    پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟

ئەویندار

لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای،
    لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو،
    لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.
بمکە مۆر لەسەر دڵت،
    مۆر لەسەر بازووت،
چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە،
    ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە،
خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە،
    وەک ئاگرێکی بەهێزە.
ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە،
    ڕووبارەکان نوقومی ناکەن.
ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی
    لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت،
    بە بێبەها دادەنرێت.

مەرقۆس 7:9-23

دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. 10 بۆ نموونە، موسا گوتوویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][a]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][b] 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ بە واتای دیاری بۆ خودا، 12 ئیتر نایەڵن شتێکی بۆ دایک یان باوکی بکات. 13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»

ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات

14 دیسان خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن. 15 شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات. ⌟ 16 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.⌞»

17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد. 18 پێی فەرموون: «ئێوەش ئاوا تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟ 19 چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، دەچێتە دەرەوەش بۆ ئاودەست.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.

20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، 21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، 22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. 23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.