Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
2 وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 چونکە گۆچانی خراپەکاران
لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.
4 ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
5 بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
بانگەوازی دانایی
8 ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟
ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
2 لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،
لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
3 لەلای دەروازەی شارەکان،
لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
4 «ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،
دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
5 ساویلکەکان، فێری ژیری بن،
گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
6 گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،
کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
7 چونکە ڕاستگۆیی وێردی دەممە،
خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
8 قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،
هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
9 هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،
ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
10 تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،
زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو.
11 چونکە دانایی لە یاقووت[a] باشترە،
هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.»
12 «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،
زانیاری و سەلیقەم هەیە.
13 ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،
من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،
لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
14 ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،
من تێگەیشتنم، هێز هی منە.
15 بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و
فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
16 بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،
بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
17 من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،
ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
18 دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،
ڕاستودروستی[b] و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
19 بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،
دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
20 بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،
لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
21 هەتا سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و
ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.»
22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،
هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،
لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،
هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،
پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،
نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،
کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و
سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا
بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،
کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،
ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،
هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،
لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
باوەڕی ژنێکی کەنعانی
21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»
23 بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»
24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»
25 بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»
26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»
28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.
ناندانی چوار هەزار کەس
29 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت. 30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31 تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.