Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
128 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان بترسێت،
ڕێگای ئەو بگرێتەبەر.
2 کە بەری ڕەنجی دەستی خۆت دەخۆیت،
خۆزگەت پێ دەخوازرێت و چاکیشە بۆت.
3 ژنەکەت وەک دار مێوێکی بەردار دەبێت لەناو ماڵەکەت،
کوڕەکانت وەک شەتڵە زەیتوون دەبن لە دەوری خوانەکەت.
4 ئەو کەسەی لە یەزدان بترسێت
ئاوا بەرەکەتدار دەبێت.
5 یەزدان لە سییۆن بەرەکەتدارت بکات،
چاکەی ئۆرشەلیم ببینیت
هەموو ڕۆژانی ژیانت و
6 منداڵی منداڵەکانت ببینیت!
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!
27 شانازی بە سبەینێ مەکە،
چونکە نازانی ڕۆژ چی لێ دەکەوێتەوە.
2 با نامۆ ستایشت بکات نەک دەمی خۆت،
بێگانە نەک لێوەکانت.
3 بەرد قورسە و لم بە سەنگە،
بەڵام تووڕەیی گێل لە هەردووکیان قورسترە.
4 هەڵچوون توندوتیژە و تووڕەیی لێشاوە،
بەڵام کێ لەبەردەم ئیرەیی خۆ ڕادەگرێت؟
5 سەرزەنشتی ئاشکرا
لە خۆشەویستی شاردراوە باشترە.
6 برینی دۆست دڵسۆزییە،
بەڵام ماچی دوژمن بە فێڵە.
7 کەسی تێر پێ لە هەنگوین دەنێت،
بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێتییەک شیرینە.
8 وەک چۆلەکەی وێڵ بوو لە هێلانەکەی،
ئاوایە مرۆڤی وێڵ لە هەواری خۆی.
9 بۆن و بخورد دڵ خۆش دەکەن،
شیرینی برادەریش لە پەرۆشی ڕاوێژە.
10 واز لە برادەرەکانی خۆت و باوکت مەهێنە،
لە ڕۆژی لێقەومانت مەچووە ماڵی برات،
دراوسێی نزیک لە برای دوور باشترە.
11 ڕۆڵە، دانابە و دڵم خۆش بکە،
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە لۆمەم دەکەن.
12 ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
13 ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە[a]،
لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
14 ئەوەی بە دەنگی بەرز داوای بەرەکەت بۆ دراوسێکەی بکات لە بەیانی زوودا،
بە نەفرەت بۆی ئەژمارد دەکرێت.
15 دڵۆپەکردنی بەردەوام لە ڕۆژی باران،
هەروەک ئافرەتی شەڕانییە.
16 ئەوەی دەستەمۆی بکات، با دەستەمۆ دەکات،
بە دەستە ڕاستی زەیت دەگرێت.
17 ئاسن بە ئاسن تیژ دەکرێت و
مرۆڤیش ڕووی برادەرەکەی تیژ دەکات.[b]
18 ئەوەی چاودێری دار هەنجیرێک بکات بەرەکەی دەخوات،
ئەوەی گەورەکەی خۆی بپارێزێت ڕێزی دەگیرێت.
19 وەک لە ئاودا وێنەدانەوەی ڕوو دەبینرێت،
ئاواش دڵی مرۆڤ وێنەی مرۆڤەکە دەداتەوە.
20 جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن،
هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
21 بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،
مرۆڤیش بە دەمی ستایشکەرەکەی تاقی دەکرێتەوە.
22 هەرچەندە گێل لەناو هاون بکوتی،
لەگەڵ دانەوێڵە بە دەسکە هاون،
گێلایەتییەکەی لێی جیا نابێتەوە.
23 باش حاڵی مێگەلەکانت بزانە،
دڵت هەر لەلای ڕانە مەڕەکانت بێت،
24 چونکە دەوڵەمەندی هەتاسەر نییە،
تاجیش نەوە بە نەوە بەردەوام نابێت.
25 کاتێک کا نامێنێت و گیا دەردەکەوێت،
گیاوگۆڵی شاخان کۆدەکرێنەوە،
26 بەرخەکان بۆ جلوبەرگ و
گیسکەکانیش بۆ نرخی کێڵگە.
27 بەپێی پێویست شیری بزنیشت دەبێت
کە بەشی خواردنی خۆت و خێزانەکەت و بژێوی کەنیزەکانت دەکات.
8 لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە. دەستتان خاوێن بکەنەوە ئەی گوناهباران، دڵتان پاک بکەنەوە ئەی ڕاڕایەکان. 9 خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خەفەت. 10 لەبەردەم پەروەردگاردا بێفیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە.
11 خوشکان، برایان، بە خراپە باسی یەکتری مەکەن. ئەوەی بە خراپە باسی براکەی بکات یاخود براکەی حوکم بدات، ئەوا بە خراپە باسی تەورات دەکات و تەورات حوکم دەدات. ئەگەر تەورات حوکم بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە. 12 تەنها یەک شەریعەتدانەر و دادوەر هەیە، ئەو دەتوانێت ڕزگار بکات و لەناوببات. بەڵام تۆ کێی تاکو نزیکەکەت حوکم بدەیت؟
پشتبەستن بە خودا
13 وەرن ئەوانەی دەڵێن: «ئەمڕۆ یان بەیانی دەڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک لەوێ دەبین و کاسبی دەکەین و قازانج دەکەین.» 14 ئێوە کە نازانن بەیانی چی دەبێت، ژیانتان چییە؟ چونکە هەڵمێکە، ماوەیەک دەردەکەوێت، دواتر نامێنێت. 15 لە جیاتی بڵێن: «ئەگەر مەسیحی باڵادەست خواستی لەسەر بوو و ژیاین، ئەمە و ئەوە دەکەین.» 16 بەڵام لە جیاتی ئەوە، ئێوە شانازی بە لووتبەرزیتانەوە دەکەن، هەموو شانازییەکی ئاواش خراپە. 17 بۆیە ئەوەی بزانێت چاکە بکات و نەیکات، گوناه دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.