Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
21 کاتێک دڵم تەنگ بوو،
وەک شمشێر هەناومی بڕی،
22 گێل و نەزان بووم،
لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.
23 لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم،
دەستە ڕاستی منت گرت.
24 بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت،
پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
25 لە تۆ بەولاوە لە ئاسمان کێم هەیە؟
ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
26 جەستە و دڵم کۆتاییان پێهات،
بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.
27 چونکە ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن،
ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
28 بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە،
یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام،
هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.
22 ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە،
پەسەندی چاکیش لە زێڕ و زیو باشترە.
2 دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە،
دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.
3 ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
4 پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی
دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.
5 چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە،
بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.
6 منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت،
پیریش بێت لێی لا نادات.
7 دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات،
قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.
8 ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات،
کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.
9 ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت،
چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.
10 گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات،
دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.
11 ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت
پاشا دەبێتە دۆستی.
12 چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات،
بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.
13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە!
ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»
14 دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە،
ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.
15 گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە،
بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.
16 ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و
ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.
قسەی دانایان
17 گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە،
دڵت بدە زانیاری من،
18 چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و
تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.
19 بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت،
ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.
20 ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی
سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،
21 بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم،
هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟
هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە
9 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، 10 وەک نووسراوە:
[کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
11 کەس نییە تێبگات،
کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
12 هەموو ڕوویان وەرگێڕا و
تێکڕا بێ سوود بوون.
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.][a]
13 [قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.][b]
[ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.][c]
14 [دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.][d]
15 [پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
16 وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
17 ڕێگای ئاشتی پێنازانن.][e]
18 [ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.][f]
19 ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. 20 بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە[g] دەناسرێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.