Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 31:10-31

بەشی کۆتایی[a]: ژنی خانەدان

10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟
    نرخی لە یاقووت[b] گرانترە.
11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و
    لە هیچی کەم نابێت.
12 چاکەی بۆ دەکات نەک خراپە
    بە درێژایی ژیانی.
13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،
    بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
14 وەک کەشتی بازرگان وایە،
    خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،
    خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و
    ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،
    بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
17 ناوقەدی توند دەبەستێت و
    بازووی لێ هەڵدەکات.
18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،
    بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و
    تەشی لەناو لەپیدایە.
20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و
    دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،
    چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان[c] لەبەردایە.
22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،
    کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،
    لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
24 کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،
    پشتێن بۆ بازرگانان[d] دابین دەکات.
25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون،
    پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە.
26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و
    فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،
    نانی تەمبەڵی ناخوات.
28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،
    مێردەکەشی ستایشی دەکات:
29 «زۆر ژن خانەدان بوونە،
    بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،
    بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.
31 بەری دەستی خۆی بدەنێ و
    با لە دەروازەکانی شاردا کردەوەکانی ستایشی بکەن.

زەبوورەکان 1

کۆکراوەی بەشی یەکەم

زەبوورەکانی 1‏–41

خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
    بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
    لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
    شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
    لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
    لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.

بێگومان بەدکاران وانین،
    بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
    نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.

چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.

یاقوب 3:13-4:3

دانایی خودایی

13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.

17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.

ملکەچی خودا بن

هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شەڕ و ناکۆکییەی نێوانتان چییە؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکان نییە کە لە ئەندامانی لەشتان دەجەنگن؟ ئارەزوو دەکەن و نیتانە، هەر بۆیە دەکوژن. ئیرەیی دەبەن و ناتوانن دەستتان بکەوێت، هەر بۆیە ناکۆکی دەکەن و شەڕ دەکەن. نیتانە، چونکە لە خودا داوا ناکەن. کاتێک داوا دەکەن وەریناگرن، چونکە بە پاڵنەری خراپ داوا دەکەن، تاکو ئارەزووەکانتانی پێ تێر بکەن.

یاقوب 4:7-8

بۆیە ملکەچی خودا بن. بەرهەڵستی شەیتان بکەن، لێتان هەڵدێت. لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە. دەستتان خاوێن بکەنەوە ئەی گوناهباران، دڵتان پاک بکەنەوە ئەی ڕاڕایەکان.

مەرقۆس 9:30-37

دووەم باسی مردنی عیسا

30 لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت، 31 چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» 32 بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.

کێ پایەبەرزترە؟

33 ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟» 34 بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.

35 عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»

36 ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون: 37 «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.