Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
21 کاتێک دڵم تەنگ بوو،
وەک شمشێر هەناومی بڕی،
22 گێل و نەزان بووم،
لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.
23 لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم،
دەستە ڕاستی منت گرت.
24 بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت،
پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
25 لە تۆ بەولاوە لە ئاسمان کێم هەیە؟
ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
26 جەستە و دڵم کۆتاییان پێهات،
بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.
27 چونکە ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن،
ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
28 بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە،
یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام،
هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.
29 ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت،
لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت.
2 کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت،
کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت.
3 ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات،
هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات.
4 پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت،
بەڵام ئەگەر بەدوای پارە بکەوێت وێرانی دەکات.
5 ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات
داو لەبەرپێی دەنێتەوە.
6 لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت.
7 کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات،
بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات.
8 گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە،
بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە.
9 ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا،
گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت، بەڵام ئاشتی نابێت.
10 خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە،
بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن.
11 گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت،
بەڵام دانا خۆی دەگرێت.
12 ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت،
هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار.
13 هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن:
یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات.
14 ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات،
تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت.
15 داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت،
بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات.
16 کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت،
بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.
17 کوڕەکەت تەمبێ بکە دەتحەسێنێتەوە،
چێژ دەداتە گیانت.
18 بەبێ سروش[a] گەل بەڕەڵا دەبێت،
بەڵام ئەوەی تەورات پەیڕەو بکات خۆزگەی پێ دەخوازرێت.
19 خزمەتکار تەنها بە قسە تەمبێ نابێت،
هەرچەندە تێدەگات، بەڵام گوێی ناداتێ.
20 ئەو کەسەت بینیوە بە پەلەیە لە قسەکانی؟
گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.
21 ئەوەی خزمەتکارەکەی لە منداڵییەوە بە ناز ڕابگرێت،
لە کۆتاییدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە.
22 کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت،
کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.
23 لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە،
بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.
24 هاوبەشی دز ڕقی لە خۆی دەبێتەوە،
سوێند دەخوات و دانی پێدا نانێت.
25 ترسی مرۆڤ تەڵە دەنێتەوە،
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت پەناگیر دەبێت.
26 زۆر کەس داوای ڕەزامەندی فەرمانڕەوایان دەکەن،
بەڵام مرۆڤ لەلایەن یەزدانەوە دادپەروەری بەدەستدەهێنێت.
27 قێزی ڕاستودروستان لە کەسی ناڕەوایە،
قێزی بەدکاریش لەوەیە کە ڕێگای ڕاستە.
25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە[a]؟ 27 بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیحیش دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»
28 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، 29 بەڵام من دەیناسم چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»
30 لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31 زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»
32 فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەسەر ئەو چرپەچرپی ئەمانەیانە، جا کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.
33 عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. 34 داوام دەکەن و نامدۆزنەوە، ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»
35 ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! 36 ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.