Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی 1–41
1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
4 بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
6 چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
قسەی ئاگور
30 قسەی ئاگوری کوڕی یاقە و سروشەکەی:
ئەم پیاوە بۆ ئیتیێلی[a] ڕاگەیاند
بۆ ئیتیێل و بۆ ئوخال:
2 «من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم،
تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.
3 فێری دانایی نەبووم و
ناسینی خودای پیرۆزم نییە.
4 کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟
کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟
کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟
کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟
ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟
ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!
5 «هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە،
قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
6 هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە،
نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.
7 «ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت،
لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:
8 شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە،
هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ،
نانی پێویستی خۆم دەرخوارد بدە.
9 نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و
بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“
یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و
ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.
10 «بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی،
نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.
مژدەی مەسیحی لەخاچدراو
2 ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی[a] خودا ڕابگەیەنم، 2 چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی. 3 منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. 4 کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکردنم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست، 5 تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.